كۆمەڵەی قوتابیانی دەرمانسازی کوردستان - KPSA

چۆن بەکتریا بەرگری دژی دژەبەکتریاکان پەیدادەکات؟

یەكێك لەگەورەترین دۆزینەوەكانی سەدەی بیستەم دەرمانی دژە بەكتریایە كەساڵانە ژیانی ملیۆنان مرۆڤ لەمردن ڕزگار دەكات. بەڵام خراپ بەكارهێنانیان خەریكە دەبێتە هەڕەشە لەسەر دانیشتوانی جیهان بەوەی كەهەندێ نەخۆشی كوشندەی بەكترییای ناتوانرێ چارەسەر بكرێت بەبەكارهێنانی دژە بەكتریا چونكە بەكتریاكە بەرگری پەیداكردووە دژی دەرمانەكە. داتاكان ئەوەمان پێدەڵێن كەساڵانە نزیكەی (700.000) مرۆڤ دەمرێت بەهۆی ئەم بەكتریایانەوە. پێشبینی دەكرێت كەلە داهاتوویەكی نزیكدا و لە ساڵی (2050) دە ملیۆن كەس بمرێت بەهۆی بەكتریاوە كە بەرگری پەیداكردووە.

بەپێی لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە كە %30 ئەوانەی دەرمانی دژە بەكتریا دەخۆن پێویستیان نیە! وە ئەوانەشی پێویستیانە و بەكاریدێنن، %50 یان بەشێوەیەکی گونجاو و زانستیی بەكاری ناهێنن! ئەمانە پێمان دەڵێن یەكێك لەهۆكارە سەرەكییەكانی دروست بوونی ئەم بەكتریایانە هەڵەی خۆمانە وەكو بەكارهێن.

زۆر بەكارهێنان و نازانستییانە بەكارهێنانی دژەبەکتریاکان، بووەتە هۆی پەیدابوونی چەندەها میكڕۆبی سەرسەخت كە خۆیان لەگەڵ كاریگەریی دەرمانەكان گونجاندووە و چیتر بەوانە نامرن. لە وڵاتێكی وەك ئەمریكا ساڵانە بەهۆی نەمانی كارایی دژە بەکتریاوە دوو ملیۆن كەس نەخۆش دەكەون و 23 هەزار حاڵەتی كوشندەش ڕوودەدەن.

بەكارهێنانی دەرمانی دژە بەكتریا بەشێوەیەكی سەربەخۆ و بەبێ ڕاوێژكردنی دكتۆر یان پزیشكی دەرمانساز دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە لەش، مەرج نیە هەموو هەوكردنێك پێویستی بە دەرمان بێت، چونكە كۆئەندامی بەرگری لە زۆر حاڵەتدا خۆی چارەسەری هەوکردنەکە دەكات. بۆیە هەمیشە هەوڵبدە لەکاتی پێویستدا ئەم دەرمانانە بەکاربهێنیت.

سۆشیاڵ میدیای KPSA