كۆمەڵەی قوتابیانی دەرمانسازی کوردستان - KPSA

پەرکەم

+ یەکێکە لە تێکچونە دەماریە زۆر باوەکان ، تەنها یەک نەخۆشی ناگرێتەوە بەڵکو کۆکراوەی چەندین کۆنیشانەیەکی جیاوازن بەڵام لە خاڵێکدا هاوبەشن ئەویش ( لەپڕ دروستبونی تەزووی کارەبایی زیادەیە و نائاساییە لە خانە دەماریەکانەوە لەناو مێشکدا) کە ئەمەش بە پەرکەم ناوئەبرێت .

+ ئەنجامی دروستبونی ئەو زیادە چالاکیەی کارەبایی مێشک ئەکرێت ببێتە هۆی نیشانەی جیاواز کە بەپێی شوێنی پەرکەمەکە لەناو مێشک و ئەو ڕووبەرەی تێکچونە کارەباییەکەی تیا ڕوویداوە جیاوازە نیشانەکان ، واتە پەرکەم هەیە گشتیە و هەموو مێشک ئەگرێتەوە، هەیە بەشێکی دیاری کراو ئەگرێتەوە واتە لایەکی مێشک 

+ لە نیشانەکانی جوڵەی نائاسایی و تەنانەت ئەگاتە بورانەوەش و کەف هاتن لە دەم وەک لە جۆری گشتیدا، بەڵام لەو جۆرەی بەشێکی مێشک ئەگرێتەوە چەند جوڵەی نائاسایی دروست ئەبن لە پەلەکان یاخود لە ڕووخساردا . جاری وایە بە شێوەی سڕبون دەرئەکەوێت

+ دوای دەستنیشان کردنی بە ووردی لە لایەن پزیشکی پسپۆڕەوە، بەپێ ی جۆری پەرکەمەکە و توندی نیشانەکان و تەمەن و دووگیانی، دەرمان و چارەسەر دەستنیشان ئەکرێت 

+ پابەندبون بە بەکارهێنانی دەرمانەوە زامنی کۆنتڕۆڵ کردنی پەرکەم و ڕوونەدانیەتی، لە سەدا ٥٠ بۆ لە سەدا ٧٠ نەخۆشانی پەرکەم بە یەک دەرمان بۆ دوورمەودا  پەرکەمەکەیان کۆنتڕۆڵ دەبێت و زۆربەی جار ئەگەنە قۆناغێک پێویستیان بە دەرمان نامێنێت کە ئەمەش پزیشک بڕیاری لێدەدات 

+ زۆر زۆر گرنگە و بە هیچ جۆرێک نابێت بە بێ پرسی پزیشکی پسپۆڕ دەستکاری بڕو جۆری دەرمانەکانی پەرکەم بکرێت یاخود لەخۆوە نەخۆشەکە وازی لێبهێنیت لەبەرئەوەی دەمێکە توشی پەرکەم نەبووە ، چونکە دەرمانەکان زۆر هەستیارن بە کەمترین دەستکاری کردنیان پەرکەمەکە دروست دەبێتەوە.

+ کاریگەری لاوەکی دەرمانەکانی پەرکەم بە پێ ی جۆری دەرمانەکە پێویستە چاودێری بکرێت بە پێ ی چەند پشکنینێک کە ساڵانە یاخود بە چەند مانگ جارێک پێویستن ئەنجام بدرێن ، یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکان پزیشکی دەرمانە ، پێویستیت بە پزیشکی دەرمان ئەبێت بۆ ئەوەی چاودێری کۆنتڕۆڵکردنی پەرکەمەکەت بکات، نەهێڵێت کاریگەری لاوەکی دەرمانەکان دەربکەون ئەگەر کاریگەری لاوەکیش هەبن لەوپەڕی کەمیدا بن، پزیشکی دەرمان هاوکاریت ئەکات و وات لێدەکات ئەوپەڕی پابەند بیت بە دەرمانەکانی پەرکەمەوە.

د. پشتیوان غەریب

پزیشکی دەرمانساز

سۆشیاڵ میدیای KPSA