كۆمەڵەی قوتابیانی دەرمانسازی کوردستان - KPSA

‎ئایا ڤایڕۆسی کۆڕۆنای نوێ کۆتا ھێرشی پڕ مەترسیی وردەزیندەکانە؟

بێگومان وەڵامەکە نەخێرە 


‎تەواو پێچەوانەکەی بۆ بەکتریا و برادەرە زەبەلاحەکانی (سوپەربەک) راستە.. چۆن؟ لێرە پێتاندەڵێم: داھاتوو بۆ بەکتریا و برادەرە زەبەلاحەکانێتی، بەڵام هەموومان دەمانەوێت بزانین کە ئایا کوردستانیش لەبەردەم مەترسی ئەم ھێرشەدایە؟


‎بەرگریی سەرسەختانەی بەکتریاکان بۆ دژەبەکتریاکان گەیشتووەتە رادەیەک کە تەواو دەبێت ھەڵوەستەی لەسەر بکرێت، ئامار و داتا جیهانییەکان دڵخۆشکەرنین، ساڵانە نزیکەی “700,000” کەس بەھۆی بەرگریی سەرسەختانەی بەکتریاوە دەمرن، لە نوێترین راپۆرتیشدا ھاتووە کە تا ساڵی 2050 رێژەی مردن بەم ھۆکارە لە ساڵێکدا دەگاتە نزیکەی “10,000,000” کەس لە تەواوی جیھاندا.


‎دەگووترێت؛ بەرگریی و سەرسەختیی بەکتریاکان بەهۆی بەکارھێنانی بەردەوام و ناپێویستی دژەبەکتریاکان لەلایەن خودی مرۆڤەوە، تەنانەت بۆ ھەوکردنە ڤایرۆسییەکانیش، هۆکارە بۆ سەرسەختبوونی بەکتریاکان، بەڵام دەپرسین ئایا بەکارھێنانی دژەبەکتریاکان لەلایەن مرۆڤ خۆیەوە تاکە ھۆکارە؟ وەڵامەکەی بێگومان نەخێرە.


‎سەیرکەن؛ لە بەشێکی زۆری وڵاتانی دوونیا، رێگایەک ھەیە بە ناوی “رێگای یەک تەندروستی-

One Health Approach”

 کە کاردەکات بۆ دیزاینکردن، بەیاسایی و بەزانستیکردنی بەکارھێنانی دەرمانە دژەبەکتریاکان، بۆئەوەی ژینگەی تەندروستیی کۆمەڵ لە ئاستێکی دڵخۆشکەردا بێت، ئەم رێبازە زانستییە پێماندەڵێت کە سەرسەختیی بەکتریاکان بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانە دژەزیندەکان لەلایەن مرۆڤەوە تاکە ھۆکارنییە، بەڵکو ئەگەر تەنها باسی مرۆڤ بکەین ئەوە ھاوکێشەکەمان تووشی لاسەنگییەکی زۆر نادادپەروەرانە دەبێت، بۆیە ئێمە لە تەندروستیی مرۆڤ، ئاژەڵ و ژینگەش دەپێچینەوە. 


‎لە تەواوی دوونیادا زۆرترین رێژەی بەکارھێنانی دەرمانە دژەزیندەکان لە بواری تەندروستیی ئاژەڵ بەکاردەهێنرێت کە نزیکەی 70%یە، جا چ بۆ مەبەستی گەشەی ئاژەڵی بێت یان بۆ پاراستنی تەندروستییان، بە تێپەڕبوونی کاتیش بەرەبەرە سەرسەختیی بەکتریاکان دوو لەسەر سێ زیاددەکات، کەواتە رێژە کەمەکە لەلایەن مرۆڤەوە بەکاردەهێنرێت کە کەمترە لە 30%.


کوردستان لە کوێی ئەم مەترسییە دایە؟
‎بێگومان هۆکاری سەرەکیی سەرسەختیی بەکتریاکان لە کوردستان خودی مرۆڤە، چونکە بواری تەندروستیی ئاژەڵی، وەک وڵاتانی دنیا گرنگیی زۆری پێنادرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە کوردستانیش دەرمانە دژەبەکتریاکان بە رێژەیەک دەدرێنە ئاژەڵان، کە ئەمەش هۆکارێکە بۆ سەرسەختبوونی بەکتریاکان لە کوردستان.


‎سەرسەختبوونی بەکتریاکان لە ئاژەڵاندا مەترسی لەسەر مرۆڤیش دروستدەکات، لێرەدا مرۆڤ بەپارێزراوی نامێنێتەوە، لەبەردەم هەڕەشەی جددیدا دەبێت، چونکە بەکتریا سەرسەختەکان لە رێگەی بەرکەوتن، خۆراک، بەرهەمی ئاژەڵی، ئاژەڵی ماڵی و پیسایی ئاژەڵانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە.


گرینگترین ئەو کۆنیشانە کلینیکییانەی کە وادەکەن زۆرترین دژەزیندەی ناپێویستی تێدابەکارهێنرێت، بریتین لە؛


‎هەوکردنی بەکتریایی رێڕەوی هەناسەدان RTI

سێپسس Sepsis

‎هەوکردنی بەکتریایی مزەڕۆ UTI


‎هۆکاری سەرەکی زۆر بەکارهێنانی دەرمانە دژەزیندەکان، نەبوونی ھەستی بەرپرسیاریی تاکە، کە ئەمەش کارەساتی لێدەخوڵقێت، بۆنموونە؛ ساڵانە نزیکەی “27,000,000” کەس تووشی بۆگەنبوونی خوێن (Sepsis) دەبن، لەو ژمارەیە تەنھا “19,000,000” دەژین و “8,000,000” کەسیان دەمرن. دەپرسین ئایا ئەو داتا و ئامارانە لە کوردستان تا چەند بەردەستە؟ ئایا لە کوردستانیش ئەم ژمارە مەترسیدارانە هەن؟

د. سورێن ئازاد

 ‎پزیشکی دەرمانساز

سۆشیاڵ میدیای KPSA