كۆمەڵەی قوتابیانی دەرمانسازی کوردستان - KPSA

دەردەسەدەف

دەردە سەدەف نەخۆشیەکی پێستی خۆیی کۆئەندامی بەرگریە، کە تێیدا خانەکەکانی پێست دەھێندە خێراتر زیاد دەکەن لە ئاستی ئاسایی خۆیان، کۆمەڵێک پەڵەی سوور کە پێکھاتووە لە خانە زیاد لە پێویستەکانی پێست لەسەر ڕووی پێست دەردەکەون بە تایبەت لە پێستی کەلەی سەر، مەچەک، ئانیشک، ئەژنۆ، بەشی خوارەوەی پێستی پشت. 

نیشانەکانی دەردەسەدەف 

نیشانەکانی دەردە سەدەف دەکرێت جیاواز بێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بەڵام بە گشتی بریتین لە:

١-پەڵەی سووری ھەڵئاوساو لەسەر پێست

٢-بوونی پەڵەی سپی-زیوی لەسەر پەڵە سورەکان کە خانە مردووەکانی پێستن.

٣-وشکبوونەوەی پێست .

٤-خووران و سوتانەوە ھەستی پێدەکرێت لەدەوری پەڵە سورەکان

٥-ئەستوربوونی نینۆک

٦-ئازار و ھەوکردنی ئەژنۆ

جۆرەکانی دەردەسەدەف 

١-دەردە سەدەفی پەڵەیی: بریتیە لە پەڵەی سووری ئەستور کە خانە مردووەکانی پێست لەسەر ئەم پەڵانە بە ڕەنگی سپی دەردەکەون.

٢-دەردە سەدەفی دوومەڵاوی: بریتیە لە دوومەڵی سپی لەسەر پەڵە سورەکانی پێستی ناولەپی دەست و قاچ دەردەکەوێت.

٣—دەردەسەدەفی قونچکەیی: کۆمەڵێک پەڵەی سووری زۆر ورد لەسەر ڕووی پێست دروست دەبێت

٤-دەردەسەدەفی نوشتاوە: پەڵەی گەورەی سوورن، لەو شوێنانەی جەستە دروستدەبن کە بەریەککەوتنی پێستی تێدایە وەک بنباڵ،ژێر مەمکەکان..

٥-دەردە سەدەفی سوورەیی پێست: بریتیە لە پەڵەی سووری درەوشاوە کە زۆربەی لەش دەگرێتەوە ،خوران و سوربوونەوە نەخۆشەکە وەرەس دەکات ،پێویستی بە چارەسەری خێرایە.

چارەسەرەکانی دەردەسەدەف 

دەردەسەدەف ناتوانرێت بنەبڕ بکرێت، بەڵام ھەندێک چارەسەر بەکاردێن بە مەبەستی کەمکردنەوەی گەشەی خانە نوێیەکان و شێدارکردنەوە و کپکردنی خوران:

١-کرێمی ستیڕۆیدەکان

٢-شێدارکەرەوەکان

٣-قەترانی خەڵوز

بۆ چارەسەری حاڵەتە تەشەنەسەندووەکانی دەردەسەدەف ئەم ڕێگایانە بەکاردێن:

١-کرێم و جێڵ و حەبە وەرگیراوەکانی ڤیتامین ئەی (رێتینۆید)

٢-دەرمانی میثۆتریکزەیت (methotrexate)

٣-تیشکی سەروو وەنەوشەیی

٤-چارەسەری زیندەی بۆ کپکردنی سیستەمی بەرگری

سۆشیاڵ میدیای KPSA