كۆمەڵەی قوتابیانی دەرمانسازی کوردستان - KPSA

دەست پاککەرەوەکان

دەست پاککەرەوەکان دژەمیکرۆبن، کە میکرۆب دەکوژن یان بۆ هەمیشە ناچاڵاکیان دەکەن(بەکتریا،ڤایرۆس،هتد…)لەسەر دەستەکاندا، لە شێوەی جێڵ و کەف و شلەدا ھەن.

ئایا بۆ لابردنی میکرۆبەکان، شووشتنی دەستەکان بە ئاو و سابوون باشترە، یان سڕینیان بە پاککەرەوەکانی دەست؟

باشترین ڕێگا بۆ ڕێگەگرتن لە تووشبوون بە نەخۆشی یان ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، بریتییە لە دەست شووشتن بە ئاو و سابوون، کە توانای هەیە هەموو جۆرە میکرۆبەکان لابدات بە بەراورد لەگەڵ دەست پاککەرەوەکان. ھەرچەندە بەکارهێنانی ئەو ڕێگایە هەندێك کات ئاسان نییە، بۆ نموونە کاتێك لە دەرەوەیت یان لەناو ئۆتۆمبێلی، لەو کاتانەدا دەتوانی دەست پاککەرەوەکان بەکاربهێنی.

جۆرەکانی دەست پاککەرەوەکان چین؟

پۆلێنکراون لەژێر بنەمای پێكهاته‌كه‌یان:

١.ئەو دەست پاککەرەوانەی کحول لە پێکهاتەیاندا هەیە: ئەو پاککەرەوانەن کە (ئیثانۆڵ یان ئایزۆ پڕۆپانۆل)یان تێدایە وەك ماددەیەکی چاڵاك.  باشترین خەستی بۆ ئەو ماددە چاڵاکانە دەستپێدەکات لە ڕێژەی ٪٦٠ تاکو ٪٩٥.

٢.ئەو دەست پاککەرەوانەی ئەلکحول لە پێکھاتەیاندا نییە: بەنزەلکانیەم، کلۆرایدی تێدایە بە ڕێژەی ٪٠,١ یان کەمتر.

لایەنە باش و خراپەکانی هەر یەکە لەم دوو جۆرە  پاککەرەوانە چین؟

ئەو دەست پاککەرەوانەی ئەلکحولیان تێدایە، کاریگەرترن لە لەناوبردنی میکرۆبەکان بە بەراورد لەگەڵ جۆرەکەی تر، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەندێك لایەنی خراپی هەیە، بۆ نموونە: بە ئاسانی گڕدەگرێت، ژەهرە، زۆر بەکارهێنانی دەکرێت ببێتە هۆی ڕووشاندنی پێست.

ئەو جۆرەی ئەلکحول لەپێکهاتەیدا نییە، دەکرێت کاریگەر نەبێت بە بەراورد بەجۆرەکەی تر بۆ لەناوبردنی هەندێك جۆر میکرۆب.  بۆ نموونە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بەڵام ئەم جۆرە گڕنـاگرێت، کاتێك بە خەستێکی کەم دەچێتە گەدەوە کاریگەری ژەهری نابێت. هەرچەندە پاککەرەوەکانی دەست تەنها ڕێگە پێدراون بۆ ئەوەی بۆ بەشەکانی دەرەوەی جەستە بەکاربهێنرێن (دەستەکان).

بۆچی ئەو دەست پاککەرەوانەی کە کحوولیان لە پێکھاتەدا ھەیە، ماددەی   

– ئەو ماددانەن کە سیفەتە سرووشتییەکانی ماددە لادەدەن- لێ زیاد دەکرێت؟  (Denaturants)

•چوونکە ئەو ماددانە تامیان ناخۆشە و ڕێگە دەگرن لە خواردنەوەی پاککەرەوەکان لە لایەن منداڵانەوە)ئەلکحوول ژەھرە و ڕێگە پێدراو نییە بۆ خواردنەوە).

بۆچی رێکخراوی تەندروستی جیهانی  بە کارھێنانی ئەو پاککەرەوانەی کە ئەلکحولیان تێدایە، پێشنیاردەکەن بۆ بەکارهێنان؟

 لەبەر هۆکاری سەلامەتی ئەو ماددانەی کە بوونیان هەیە لەو پاککەرەوانەی کە ئەلکحولیان تێدا نییە، بۆ نموونە:ترایكلۆسان کە هەندێك توێژینەوەی زانستی کوورت ئەوەیان نیشانداوە کە لەوانەیە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی ثایرۆیدە هۆڕمۆنەکان،هەندێك توێژینەوەی تریش ئەوەیان نیشانداوە کە دەکرێت ببێتە هۆی پەرەپێدانی بەرگری بەکتریاکان دژی دژەمیکرۆبەکان، بەڵام هەموو ئەو توێژینەوانە تەواونەکراون.

وێنۆچکه‌

Zina Nashaat

KPSA's PE Committee Member

سۆشیاڵ میدیای KPSA