كۆمەڵەی قوتابیانی دەرمانسازی کوردستان - KPSA

ڕۆژی جیهانی تەندروستی دەروونی World Mental Health Day:

ڕۆژی جیهانی تەندروستی دەروونی لە ١٠/١٠ هەموو ساڵێکدا یاد دەکرێتەوە، و بابەتی ئەمساڵ بۆ ئەم ڕۆژە جیهانییە بریتییە لە (تەندروستی دەروونی بۆ هەمووان) کە بانگەوازێکی ژیرانە و هاوتەریبە لەگەڵ ئەو کێشە گەورانەی لە سەرانسەری جیهاندا کە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تووشیبووین.

بەنزیکەیی یەک بلیۆن کەس لە جیهاندا کێشەی دەوورنیان هەیە، ساڵانە ٨٠٠ هەزار کەس بە خۆکوژی گیان لە دەست دەدەن! کە دووەم هۆکاری مردنە لەناو گەنجاندا، ئەمەش لە کاتێکدا کە زۆر لە خەڵکی بێبەشن لە خزمەتگوزارییە تەندروستییە دەروونیەکان. 

بە دڵنیاییەوە لەگەڵ دەستپێکی ساڵی ٢٠٢٠ و بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کاریگەرییە نەرێنیەکانی ئەم نەخۆشییە بەردەوام لە زیادبووندایە. کە ئەم ئاستەنگانە لە سەرانسەری جیهاندا هەموو چینەکانی کۆمەڵگە دەگرێتەوە:

کارمەندانی تەندروستی کە لەم کاتە سەختەدا لە خزمەتی نەخۆشەکاندان. خوێنداکاران کە بە شێوازێکی نوێ و نامۆ دوورلە خوێندنگەکانیان وانەکانیان دەخوێنن. زۆرێک لە پیشەکاران بەهۆی ڕێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکان لەژێر هەڕەشەی بێکاریدان، و ئەو کەسانەی کە نەخۆشی دەروونیان هەیە  زیاتر لە جاران تێکەڵبوونیان لەگەڵ خەڵکدا کەمبۆتەوە. هەروەها ترس و دوودڵی نەخۆشەکان، و خەم و پەژارەی لە دەستدانی کەسە نزیکەکان. 

هەموو ئەمانە کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی مرۆڤ دروستدەکات، بۆیە لە ئێستادا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە گرنگی بە تەندروستی دەروونی بدرێت. دەکرێت لە ڕێگەی چەند گۆڕانکارییەک لە ژیانی ڕۆژانە و گرینگی بەخۆدان وەک ڕێککردنەوەی کاتی خەوتن و دانانی بەرنامەی خۆراکی و وەرزشکردن یان پیاسەکردن لە هەوای پاکدا کە وا دەکات دەروونت ئارامتر بکات. هەروەها بە نەرمونیانیەوە مامەڵەکردن لەگەڵ دەوروبەر، چونکە تۆ بێئاگای لە حاڵەتی دەروونی بەرامبەرت و دڵنیابە بە ئاسوودەکردنی کەسێک، دەروونی خۆشت ئاسوودە دەبێت.

وێنۆچکه‌

Shadiar Jabar

KPSA’s member From Sulaimaniyah Team

سۆشیاڵ میدیای KPSA