حاڵەتێکی پزیشکییە، تایبەتمەندە بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ناوەکی لەش بە بڕی ℃40 یان زیاتر و وشکبوونەوەی جەستە. کە لەئەنجامی بەرکەوتن بە گەرمیێکی زۆر بۆ ماوەیێکی درێژ ڕوودەدات .ئەم حاڵەتە دەکرێ ببێتە هۆی تێکچوونی فرمانی مێشك و ئەندامەکانی تری لەش وە دەکرێ کوژەر بێت. بۆیە پێویستی بە چارەسەری کتوپڕ هەیە.
ئەو هۆکارانەی ڕوودانی ئەم حاڵەتە زیاتر دەکەن:
- بەرکەوتنی کتوپڕ بە کەشی زۆر گەرم.
- هەندێك دەرمان کاریگەریان هەیە لەسەر پلەی گەرمی لەش و وشکبوونی، بۆ نموونە ئەو دەرمانانەی بەکاردێن بۆ ڕێکخستنی پەستانی خوێن و دەرمانە میزپێکەرەکان
- خواردنەوەی کحول، چونکە کحول میزپێکەرێکی بەهێزە و وادەکات جەستە وشکبێت.
- زۆری کێشی لەش، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ درەنگتر ساردبوونەوەی جەستە.
- نەخۆشی دیاریکراو، هەندێك نەخۆشی هەن کاریگەرن لەسەر کۆئەندامی دەمار بۆ ناردنی نیشانە و هەستکردن بە تینوویەتی، بۆنموونە نەخۆشی شەکرە.
- وەرزشکردن لەکەشێکی زۆر گەرم و بۆ ماوەیێکی درێژ.
- یەکێکی تر لە ھۆکارەکان کە زۆر جار دەبێتە ھۆی مردن، بەجێھێشتنی (منداڵ یان ئاژەڵە ماڵییەکان)ە لەناو ئۆتۆمبیلدا بە داخراوی.
نیشانەکان:
- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بۆ ℃40 یان زیاتر.
- سەرسووڕان، گێژبوون و بوورانەوە.
- وشکبوون و سووربوونەوەی پێست.
- قورسبوونی هەناسەدان.
- زیادبوونی لێدانی دڵ.
- ئازاری سەر و ماسوولکەکان.
- پەرکەم(فێ).
- هێلنجدان و ڕشانەوە.
فریاکەوتنی سەرەتایی و کتووپڕ:
- گواستنەوەی نەخۆش بۆ شوێنێکی پلە گەرمی نزمتر و کەشێکی فێنك.
- لابردنی جلە ناپێویستەکانی کەسەکە.
- ساردکردنەوەی جەستەی نەخۆش بە ئاو و داگیرساندنی ئامێری ساردکەرەوە.
- هیچ دەرمانێکی پێمەدە بێ ڕاوێژی پزیشك چونکە بەهۆی ئەو حاڵەتە(heatstroke) دەشێت وەڵامدانەوەی جەستە بۆ دەرمان بگۆڕێ.
ئامادەکردنی:
- ماملێ حەمە
- زینە نەشئەت