جۆرێکن لە دەرمانە دەروونیەکان کە بۆ ماوەیێکی کورت یان ماوەیێکی درێژ بەکاردێن بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی تێکچوونە بیر و هۆشیەکان، بۆ نموونە نەخۆشی شیزۆفرینیا کە نەخۆشیێکی هۆشییە کە تاکی نەخۆش ڕەفتار و بیرکردنەوەی دەگۆڕێت، Hallucination (گوێبیستبوون و بینینی هەندێك شت کە لە ڕاستیدا بوونی نییە)، delusion (بیرکردنەوەی هەڵە و دوور لە واقیع) هەروەها چەند نەخۆشیێکی تر کە پەیوەندییان بە هۆشی کەسەکەوە هەیە.
چۆن ئەو دەرمانانە کاردەکەن؟
ناوەندە کۆئەندامی دەمار بەرپرسە لە ڕێکخستنی بیر و هۆش و هەست و فرمانی لەش. ئەو ڕێکخستنەش لەڕێگەی دەمارەگوێزەرەکانەوە “Neurotransmitters” دەبێت، کە هەڵدەستن بە چاڵاککردنی یان بلۆککردنی وەرگرەکان “receptors” لە کۆئەندامی دەمار، بۆ نموونە یەکێك لە دەمارەگوێزەرەوە گرینگەکان کە فرمانی بیر و هۆش ڕێکدەخات بریتییە لە دۆپامین. چاڵاکبوونی لە ڕادەبەدەری سیستەمی کارکردنی دۆپامین دەبێتە هۆی تێکچوونی بیر و هۆشی مرۆڤ. دەرمانە دژه تێکچوونە هۆشییەکان هەڵدەستن بە بلۆککردنی وەرگری دیاریکراوی دۆپامین بۆیە دەبنە هۆی ڕێکخستنەوەی سیستمی کارکردنەکەی و ڕێکخستنەوەی فرمانی لەش، هەروەها ئەم دەرمانانە توانایان هەیە کاربکەنە سەر دەمارەگوێزەرەوەکانی تریش.
دەرمانە دژەتێکچوونە هۆشییەکان دابەشکراونەتە سەر دوو گرووپ:
١-کۆنەکان (وەچەی-یەکەم)، وەك:
- Chlorpromazine
- Prochlorperazine
- Thioridazine
- Fluphenazine
- Haloperidol
- Trifluoperazine
٢-نوێیەکان (وەچەی-دووەم)، وەك:
- Clozapine
- Risperidone
- Olanzapine
- Quetiapine
- Paliperidone
گرووپی دووەم بە باشتر دادەنرێن لە گرووپی یەکەم چونکە کاریگەری لاوەکیان کەمترە.
کاریگەرییە لاوەکییەکان:
•زیادبوونی کێشی لەش.
•زیادبوونی مەترسی بۆ تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە.
•بەرزبوونەوەی ئاستی چەوری لە لەش.
•تەمبەڵی و خەواڵوویی.
•لاوازبوونی توانای یادگە.
•لاوازبوونی لێدانی دڵ.
ئایا دەرمانی دژە تێکچوونی بیر و هۆش دەبێتە هۆی ئاڵوودەبوون؟
دەرمانە دژە تێکچوونە بیر و هۆشییەکان ئەو کاریگەرییەیان لەسەر نەخۆش نابێت، بەڵام سەڕەڕای ئەوەش درووست نییە لە پڕێك لەبەکارهێنانی بوەستێنرت لەوانەیە ببێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەی نەخوازراو، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش پێویستە بە هەنگاو بوەستی لە بەکارهێنانی بێگومان ئەوەش درووست نییە بێ ڕێنمایی پزیشك و کەسی شارەزا.
چ کاتێك ناکرێت ئەو گرووپە دەرمانە بەکاربێت؟
- بوونی هەستیاری بەو دەرمانەی کە پێویستە بەکاربێت.
- لەکاتی بەکارهێنانی کپکەرەکانی ناوەندە کۆئەندامی دەمار.
- لەکاتی بەکارهێنانی دەرمانی anticholinergic.
- بوونی نەخۆشی دڵ.
- مێژووی هەبوونی پەرکەم.
- نەوەی دووەمی ئەو گرووپەدەرمانە مەترسی جەڵتەی مێشك زیاددەکەن لەو بەتەمەنانەی کە نەخۆشی خڵەفەنییان هەیە (dementia).
- بوونی نەخۆشی دابەزینی پەستانی خوێن.
- بوونی نەخۆشی پەیوەندیدار بە کۆئەندامی میزەڕۆ هەروەها جگەر.