كۆمەڵەی قوتابیانی دەرمانسازی کوردستان - KPSA

چۆن دەماخ دەپارێزیت لە توشبوون بە نەخۆشییەکانی دەماخ؟

لە ۲۲ی تەمموزی ۲٠۱٤ یەکەم ڕۆژی جیهانی دەماخ لەلایەن یەکێتی جیهانی دەمارزانی WFN بە فەرمی دیاریکرا. ڕۆژێکە ئاماژە دەکات بە زیاتر گرنگی پێدان بەتەندروستی دەماخ و ڕێگریکردن لە
توشبوون بە نەخۆشییەکانی دەماخ، کە کێشەیەکی گەورەی نەخەمڵێندراوی تەندروستییە. ڕۆژی جیھانی دەماخ ڕۆژێکی نێودەوڵەتی ساڵانەیە بۆ ھۆشیاری پێدان کە ھەر ساڵێک ئاماژە بە بابەتێکی نوێ دەدات. بابەتی
٢٠٢٠ بریتییە لە نەخۆشی Parkinson. نەخۆشی Parkinson تێکچوونێکێ کۆئەندامی دەمارە کە کار دەکاتە سەر جووڵە و بە نزیکەیی ھەموو فرمانەکانی تری دەماخ.
دەماخ یەکێکە لە گەورەترین (١.٣-١.٤ کگم) و ئاڵۆزترین ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ. بەرپرسیارە لە ھەموو ئەو شتانەی کە ئەنجامی دەدەی، بیری لێدەکەیەوە، ھەستی پێدەکەی و دەڵێیت- توانات پێدەبەخشێت بۆ بەڕێوەبردنی چالاکییکانی ڕۆژانەت. لە گرنگترین فرمانەکانی دەماخ:-

  • فرمانە خۆنەویستەکان (ئۆتۆماتیک) وەکو کۆنتڕۆڵ کردنی لێدانی دڵ، ھەناسەدان، ھەرسکردنی خۆراک، ڕێکخستنی پەستانی خوێن، کۆنتڕۆل کردنی پلەی گەرمی لەش.
  • فرمانە خۆ ویستەکان و بزێوەکان، وەکو جووڵە، ھاوسەنگی، باری وەستان، قسەکردن. • بیرکردنەوە، سۆز، ڕەفتار و ھەستەکان. دەماخ لەم بەشانە پێک دێت:- مێشک گەوروترین بەشی دەماخە. دابەش دەبێت بۆ دوو نیوەگۆ. ھەر نیوە گۆیەک دابەش دەبێت بۆ چوار پل
  • (ناوچەوانە پل، دیوارە پل، لاجانگە پل، پشتە پل). نێوانە دەماخ دەکەوێتە نێوان مێشک و قەدی دەماخ، وە پێکدێت لە دوو بەشی سەرەکی (لانک و ژێر لانک).
  • قەدی دەماخ ناوچەیەکە لە دەماخ کە مێشک بە دڕکە پەتک دەگەیەنێت، پێکدێت لە سێ بەشی سەرەکی (ناوەڕاستە دەماخ، پرد، لاکێشە مۆخ).
  • مێشکۆڵە بەشی پشتەوەی دەماخە.
    چۆن دەماخ دەپارێزین لە تووشبوون بە نەخۆشیەکانی دەماخ؟ پێنج خاڵی گرنگ بۆ پاراستنی دەماخ و مانەوەی بە تەندروستی:
  •  دڵێکی تەندروست
  • پەستانی خوێنی بەرز، بەرزی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ، جگەرە کێشان و نەخۆشی شەکرە دەبنە ھۆی زیادکردنی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی neurodegenerative کە نەخۆشیەکە ناسراوە بە پوکانەوەی دەمارە کۆئەندام بەتایبەتی دەمارەخانەکانی دەماخ، ئەویش بە بەرھەڵستی کردنی تێپەڕبوونی خوێن بۆ خانەکانی دەماخ. لەڕێگەی شێوازی ژیانێکی تەندروست و وەرزشکردن یارمەتیدەر دەبێت بۆ خۆپاراستن لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و ڕێژەی کۆلیستڕۆڵ لە لەشدا.
  •  نووستن: نووستن باشترین ھۆکارە بۆ ڕێکخستنەوەی دەماخ و باشترکردنی فەرمانەکانی، وە گەڕانەوەی تەندروستیەکی ھزری باش، توێژینەوەکان دەریان خستووە لەکاتی خەودا دەماخ خاڵی دەبێتەوە لە ژەھرێک کە ناسراون بە beta-amyloids کە ھۆکارێکە بۆ نەخۆشی Alzheimer واتە لەبیرچوونەوە، وە تێکچوونی بیروھۆش.
  •  خواردنی تەندروست: خواردنی ئەو ژەمانەوەی دەوڵەمەندن بە ترشە چەورییەکان، وە برێکی کەم لە چەوری تێریان تێدایە و پڕن لە خۆراکە ماددە وەک خواردنی ڕووەکی و سەوزە کە یارمەتیدەرن بۆ مانەوەی دەماخ بە تەندروستیەکی باش، زۆر کەس پەیڕەوی ژەمە خۆراکی تەندروست دەکەن وەک خواردنە دەریاییەکان وەک ماسی، وە میوە و سەوزە و بوندوق و زەیتی زەیتون و ئاڤۆکادۆ، وە گۆشتی سوور بە ڕێژەیەکی دیاریکراو.
  •  جووڵەی لەش: ڕۆیشتن و پیاسەکردن بۆ ماوەی ٣٠ خولەک لە رۆژێکدا، یان مەلەکردن یارمەتی مانەوەی جەستەیەکی رێک و تەندروست دەدات ھەروەھا یارمەتی پەرەدان بە توانایەکانی مێشک دەدات، وەرزشکردن دەبێتە ھۆی زیادکردنی تێپەڕبوونی خوێن بۆ خانەکانی دەماخ بەپێی ھەندێک سەرچاوەش دەبێتە ھۆی زیادکردنی قەبارەی hippocampus کە بەشێکی دەماخەو بەرپرسە لە پاراستنی یادگەو یادەوەری مرۆڤ کە بە تێپەڕبوونی تەمەن ئەم بەشە کرژدەبێت.
  •  بوون بە کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی: ئەنجامدانی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و کات بەسەربردن لەگەڵ دەوروبەر دەبێتە ھۆی نەھێشتن و ڕەوانەوەی خەمۆکی و فشار، کە بەگشتی ئەم دووانە ھۆکاری سەرەکین بۆ لەدەستدانی یادگەو ھزری مرۆڤ، کە لەکاتی گوێگرتن بۆ بەرامبەر یاخود خۆ ئامادەکردن بۆ وەڵامدانەوە خوێن بە بەردەوام بەناو بەشە جیاوازەکانی دەماخدا دەسوڕێتەوە

سۆشیاڵ میدیای KPSA