كۆمەڵەی قوتابیانی دەرمانسازی کوردستان - KPSA

دڵه‌ كوتێ (خه‌فه‌قان) چییە؟

دڵە کوتێ (خەفەقان) بریتییە لە هەستکردن بە لێدانی خێرای دڵ یاخود بوونی کێشە لە لێدانی دڵدا. دڵە کوتێ دەکرێ رووبدات له‌ رێگەی په‌ستانی خوێن، وه‌رزشكردن، ده‌رمان یان لە هەندێک کاتدا بەهۆی حاڵەتێکی پزیشکییەوە.

هەرچەندە دەکرێت دڵە کوتێ بێزارکەر بێت، به‌ڵام زۆربه‌ی كات زیانی نییە. تەنها له‌ هه‌ندێک حاڵه‌تی ده‌گمه‌ندا له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی تێكچوونی لێدانی دڵی زۆر به‌تین و ترسناك بۆ نموونه‌ (arhhythmia) كه‌ له‌وانه‌یه‌ پێویستی به‌ چاره‌سه‌ر و چاودێری پزیشكی هه‌بێت.

نیشانه‌كان

 وا هه‌ست ده‌كه‌یت كه‌ دڵت:

  • سەکتەکانی زیاد دەکات
  • زۆر بەخێرایی لێدەدات

پێویسته‌ چاره‌سه‌ری پزیشكی خێرا وه‌ربگریت لەکاتی:

  • هه‌ستکردن بە توندبوون یان ئازار لە سینگدا
  • لەخۆچوون
  • سه‌ر سووڕان و گێژبوون
  • کورتبوونەوەی هەناسە

هۆكاره‌كان

به‌ گشتی هۆكاره‌كانی دڵه‌ كوته‌ نەزانراون، بەڵام‌ هۆكاره‌ باوه‌كان بریتیین له‌:

  • كاردانه‌وه‌ و هه‌ڵچوونی به‌هێز
  • رارایی و خەمۆکی
  • وەرزشکردنی لەرادەبەدەر و خۆماندووکردنێکی زۆر
  • وریاکەرەوەکان وه‌ك كافایین، نیكۆتین، كۆكاین، هەروەها ده‌رمانه‌كانی كۆكه‌ و هەڵامەت كه‌ pseudoephedrine یان تێدایە
  • تالێهاتن
  • گۆڕانكاری له‌ هۆڕمۆنه‌كان كه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ دووگیانبوون، وه‌ستانی سووڕی مانگانه‌ (ته‌مه‌نی نا ئومێدی)، هه‌روه‌ها چالاکبوونی لەرادەبەدەری هۆرمۆنه‌كانی ثایرۆید یان نەبوونیان.

چاره‌سه‌ر

  • دوورکەوتنەوە لە قاوە
  • وازهێنان له‌ جگه‌ره‌
  • دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خواردنه‌وه‌ی مادده‌ كحولییه‌كان
  • پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکی تەندروست
  • پشوویه‌كی باش بده‌ و بۆ چه‌ند كاتژمێرێك بخه‌وه‌
  • دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی ماددە بێ هۆشکەرەکان
  • كاتێك هه‌ستت به‌ دڵه‌كوته‌ كرد راستەوخۆ دابنیشه‌ و پشوو بده‌

سۆشیاڵ میدیای KPSA