كۆمەڵەی قوتابیانی دەرمانسازی کوردستان - KPSA

ھەرێمە بچووکەکەی ئێمە و کەرتی تەندروستی

ئەوەی لەو نووسینەدا باسی دەکەم کەرتی تایبەتە لە سێکتەری تەندروستی نەک نەخۆشخانەکانی سەر بە حکومەت، بە پێی ئەوەی من لە کەرتی تایبەت کار دەکەم زیاتر ئاگاداری ئەم کەرتەم.

ھەموو سێکتەر و بەشەکانی تەندروستی کەسانی ھەمەجۆری تێدایە ھەیانە باش ھەیانە خراپ، بەڵام بۆ ناوی پزیشک و کارمەندی تەندروستی بەم شێوەیەی لێھاتووە؟ پزیشکی قۆڵبڕ و کارمەندی نەزان و دەرمانسازی پارە پەرست! لە هەمان کاتیشدا زۆر پزیشکی دڵسۆز و کارمەندی بە ئەزموون و زیرەک و دەرمانسازی خەمخۆرمان ھەن. چی دەگوزەرێ لەناو بازاڕی دەرمان؟ نەخۆش لە کوێی ئەم هاوکێشەیەدایە؟ ئەگەر نەخۆشێک بیەوێ بۆ نەخۆشییەکەی سەردانی پزیشک بکات لەوانەیە لە لای پزیشک و تاقیگە و دەرمانخانە فێڵی لێ بکرێت و ببێتە قوربانی ئەو بازرگانییە پیسەی دەرمان بۆ بەرژەوەندی کەسیی پزیشکیی.

کۆمپانیاکانی ھاوردەکردنی دەرمان رۆڵیان چییە؟ زۆربەی ھەرە زۆری کۆمپانیاکان کە دەرمانێک یان تەواوکەرێکی خۆراکی ھاوردەی ئەم ھەرێمەی خۆمان دەکەن یەکەم شت کە بیری لێ بکەنەوە نەخۆش و کاریگەری دەرمانەکە نییە! بەڵکو چۆنییەتی ساغ کردنەوەیەتی ئەویش بە چی؟ بە پێدانی بەشی پزیشک و دیاری و بۆنەسی دەرمانخانە کە ھەموو ئەوانەش لەسەر حسابی باغەڵی نەخۆشە کە لەوانەیە پارەی بۆ بینینی پزیشکیش قەرز کردبێت بەڵام لە دواییدا دەبێتە قوربانی بەرزترین چینی کۆمەڵگا کە ئەویش پزیشکانن.

بەشێکی پزیشکان بۆ نووسینی دەرمانێکی دیاریکراو داوای بەش و پارە و دیاری لە کۆمپانیاکان دەکەن ئەوەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کە کۆمپانیا نرخی دەرمان بەرزبکاتەوە و دەرمانخانەش بەو نرخە و بڕێک قازانج بیفرۆشێتە نەخۆش، وای لێھاتووە ناوی پزیشک بە ناوی دەرمانخانەکەیەوە دەناسرێتەوە (دکتۆری فڵان دەرمانخانە).

چارەسەری ئەم زوڵمە چییە کە لە نەخۆش و ھەتا لە کۆمپانیاکانیش دەکرێ؟ ئێمە وەکو قوتابییانی بەشە پزیشکییەکان پێویستە ئەو ڕووە ناشرین و قێزەونە پیشانی ھاوپۆل و ھاوکۆلێژەکانمان بدەین بە تایبەت ئەوانەی دەیانەوێ لە داھاتوودا ئەم کۆلێژانە ھەڵبژێرن و بێنە ناو ئەم سێکتەرەوە، دەبێ ئەوە لە مێشکی قوتابی پزیشکی بچەسپێ کە بوون بە پزیشک وەرگرتنی پارەی عیادە نییە لە نەخۆش و بوون بە دەرمانساز (شەھادە) بە کرێدان نییە، دەبێ ئەوە روونبکرێتەوە بۆ قوتابییان کە بوون بە پزیشک بە مانای خزمەتی زۆر و پاداشتی باشە و بوون بە دەرمانسازیش دڵسۆزی و خەمی دەرمانی نەخۆشە نەک پارەپەرستی و دەوڵەمەندی.

خۆشبەختانە ئێستا ھیممەتێکی بەرچاو دەبینرێ لەلایەن رێکخراوەکانی ناو بەشە پزیشکیەکان لەوانەش (کۆمەڵەی قوتابیانی دەرمانسازی کوردستان – KPSA) کە وا لە قوتابی دەکەن بە خۆبەخشانە کار بکات بۆ ئەوەی خزمەتی کۆمەڵگای خۆی بکات بگرە ھەندێ جار پارەی خۆشی بدات بۆ پێشکەشکردنی ئەو خزمەتە، ئەو کارەش قوتابی فێردەکات و ئامادەی دەکات پاش دەرچوونی لە کۆلێژ پزیشک و دەرمانسازێکی مرۆڤدۆست و بە ئەمەک بێت بۆ خەڵک و وڵاتەکەی.

ئەم نوسین و بۆچوونانە بۆ نەھێشتنی ئەو زوڵمە و چاککردنی ھەڵەکانە نەک ناشرینکردنی سێکتەری تەندروستی، پزیشکان و دەرمانسازان و کارمەندانی تەندروستی لە کاتی تەنگانەدا ئەوەیان سەلماندووە کە سەرەڕای ئەو کارە نەشیاوانە کە کەمینەیەک دەیکەن بەڵام بەشێکی زۆریان ماندوونەناسانە خزمەتی نەخۆش دەکەن و پێشەنگی کارەکانییان سەلامەتی نەخۆش و بەرەوپێش بردنی کەرتی تەندروستیە.

سۆشیاڵ میدیای KPSA