حاڵەتێکە لە بەشە سپییەکەی چاودا روودەدات کە دەبێتە ھۆی سوور ھەڵگەڕانی سپێنە بەھۆی فراونبوونی موولولە خوێنەکانی سپێنەوە، دەشێ تووشی یەک چاو یان ھەردوو چاو بێت لە یەک کاتدا و لەوانەیە چەندین نیشانەی لەگەڵدا دەربکەوێت وەک:
- رووشانی چاو
- سووتانەوەی چاو
- خورانی چاو
- وشکبوونی چاو
- ئازار
- فرمێسک
- ھەستیاری بۆ رووناکی
- لێڵ بوونی بینین
– بەڵام ھەندێک جار ئەم نیشانانە لەگەڵی دەرناکەون واتا مەرج نییە ئەم نیشانانە دەربکەون لەگەڵ سووربوونەوەی چاو.
ھۆکارەکانی سوربوونەوەی سپێنەی چاو چین؟
بە گشتی ھۆکارەکانی سوربوونەوەی سپێنە زۆرن بەڵام ھەندێکیان ھۆکاری ژینگەیین و ھەندێکیان نا ژینگەیین.
- ھۆکارە ژینگەییەکان چین کە دەبنە ھۆی سوربوونەوەی سپێنەی چاو؟
- پیسبوونی ھەوا.
- دوکەڵ (دوکەڵی ئاگر،جگەرە).
- ھەوای وشک (کەمی شێ).
- تۆز.
- تەم، بوخار.
- ماددەی کیمیایی (کلۆر لە ئاوی مەلەوانگەکان).
- مانەوە لەبەر خۆر بەبێ چاویلکەی دژە خۆر.
حاڵەتە باوەکانی چاو کە دەبنە ھۆی سوربوونەوەی چاو:
- وشکبوونی چاو.
- ھەستیاری چاو.
- دانانی لێنزی چاو (عەدەسە).
- زۆر تەرکیز کردن یان بەردەوام سەیرکردنی ئامێرەکانی وەکو مۆبایل و کۆمپیوتەر.
- کەم خەوی.
چۆن خۆمان بپارێزین لە سوربوونەوەی سپێنەی چاو؟
لەبەر ئەوەی سوربوونەوەی سپێنەی چاو چەندین ھۆکاری ھەیە و لەوانەیە نیشانەیەک بێت بۆ نەخۆشییە مەترسیدارەکانی چاو وەک (ئاوی رەشی چاو) بۆیە واباشترە سەردانی پزیشکی چاو بکرێت، بەڵام پێش سەردان کردنی پزیشکی پسپۆڕ واباشترە کۆنترۆڵی نیشانەکانی بکەی وەک:
- لابردنی عەدەسە
- دوورکەوتنەوە لە سەیرکردنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان،
- دوورکەوتنەوە لە کەشوھەوای تۆزاوی
– بەڵام ئەگەر لەگەڵ سوربوونەوەکە لێڵبوونی بینینی لەگەڵ بوو ئەوا راستەوخۆ سەردانی پزیشک بکە.
- نابێت پێش بینینی پزیشکی چاو ھیچ دڵۆپەیەکی چاو (قطرەی چاو) بەکاربێنی چونکە لەوانەیە دڵۆپەکە دەرمانەکانی جۆری (Vasoconstrictor)ی تێدا بێت کە دەبێتە ھۆی گرژبوونی لولەکانی خوێن و بچووک کردنەوەی موولولەکانی سپێنە، کە ئەمەش وادەکات سووربوونی سپێنە نەمێنێت بەڵام لە کاتی زۆر بەکارھێنان بۆ ماوەیەکی درێژ زیانی دەبێت چونکە لەکاتی دووبارە سوربوونەوەی چاو پێویستت بە بەکارھێنانی زیاتری دەبێت بۆ نەھێشتنی سوربوونەوەکە یان لە کاتی وازھێنان لە بەکارھێنانی لەوانەیە چاو توشی سوربوونەوەیەکی توندتر ببێت.