كۆمەڵەی قوتابیانی دەرمانسازی کوردستان - KPSA

قۆناغەکانی شێرپەنجە و پلەکانی خانە شێرپەنجەییەکان

  • قۆناغ و پلەکانی شێرپەنجە چین ؟

قۆناغەکانی شێرپەنجە قەبارەی لووە شێرپەنجەییەکە و بڵاوبوونەوەی لە شوێنی توشبوونەوە دیاری دەکات، بەڵام پلەکانی خانە شێرپەنجەییەکان شێوەی خانەکە و خێرایی بڵاوبوونەوەی دیاری دەکات.

قۆناغ و پلەکانی شێرپەنجە وادەکات پزیشک بتوانێت قەبارەی گرێیەکە و بڵاوبوونەوەی بۆ شانە و ئەندامەکانی دەوروبەر بزانێت ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ دیاریکردنی باشترین رێگا بۆ چارەسەری.

  • چەند قۆناغی شێرپەنجەیی ھەن؟

سیستەمی قۆناغەکان کە بەکاردێ بۆ دیاریکردنی شێرپەنجە دەگۆڕێت بە پێی جۆری شێرپەنجەکە بەڵام بە گشتی بۆ زۆر لە جۆرەکانی شێرپەنجە ئەم قۆناغانە بەکاردێت:

  1. قۆناغی سفر(قۆناغی دەستپێکردنی شێرپەنجە): دیاری دەکات کە شێرپەنجە لە دروستبووندایە.
  2. قۆناغی یەکەم: دیاری دەکات کە گرێیەکی شێرپەنجەیی بچوک ھەیە و بڵاونەبۆتەوە.
  3. قۆناغی دووەم: دیاری دەکات گرێیەکی گەورە ھەیە بەڵام بڵاونەبۆتەوە.
  4. قۆناغی سێیەم: دیاری دەکات کە گرێیەکی گەورەتر ھەیە و لەوانەیە بڵاوبووبێتەوە بۆ شانەکانی دەورووبەر یان لیمفە گرێیەکان.
  5. قۆناغی چوارەم: دیاری دەکات کە بە لایەنی کەم شێرپەنجە لە شوێنی سەرھەڵدانیەوە گواستراوەتەوە بۆ ئەندامێکی دیکەی جەستە، ئەم قۆناغە ناو دەبرێ بە قۆناغی تەشەنەکردن و چارەسەری ئەستەم دەبێت.
  • پلەکانی خانە شێرپەنجەییەکان چەندن؟

بە شێوەیەکی گشتی پلە کەمەکان نیشانەی گەورەبوونێکی ھێواشی لووە شێرپەنجەییەکانن، و پلە زۆرەکان نیشانەی خێرا گەورەبوونی لووە شێرپەنجەییەکانن.

  1. پلەی یەکەم: لەم پلەیەدا خانە شێرپەنجەییەکان لا خانەیەکی ئاسایی دەچن و گەشەکردنیان ھێواشە.
  2. پلەی دووەم: لەم پلەیەدا خانە شێرپەنجەییەکان لە خانە ئاساییەکان ناچن و خێراتر گەشە دەکەن.
  3. پلەی سێیەم: لەم پلەیەدا خانە شێرپەنجەییەکان بە تەواوی نائاسایی دەردەکەون و زۆر بە خێرایی گەورە دەبن و بڵاودەبنەوە، لەم پلەیەدا زۆر بە خێرایی شێرپەنجە بڵاودەبێتەوە و بە کاتێکی کەم نەخۆشەکە گیان لەدەست دەدات.

سۆشیاڵ میدیای KPSA