برینی ناو دەم یەکێکە لەو کێشە باوانەی کە زۆر کەس تووشی دەبن و بە گشتی ماوەی ھەفتەیەک بۆ دوو ھەفتە دەخایەنێت تا برینەکە لادەچێت، وەکو مەترسی برینەکە ھیچ مەترسییەکی لەسەر لەشی مرۆڤ نییە بەڵام زۆر بێزارکەر و ئازاربەخشە.
- چۆن دەتوانی چارەسەری برینی ناو دەم بکەیت؟
چارەسەری برینی ناو دەم پێویستی بە کاتە و ھیچ چارەسەرێکی خێرای نییە، بەڵام دوورکەوتنەوە لەو شتانە یان خواردنانەی کە دەبێتە ھۆی بەرکەوتن یان برژاندنەوەی برینەکە وادەکات کە برینەکە زووتر چاک بێتەوە و ئازاری کەمتر بێت و چانسی دووبارە سەرھەڵدانەوەی برینەکە کەمتر بێت.
- بە گشتی ئەم کارانە دەبنە ھۆی زوو چاکبوونەوە و ئازاری کەمتر:
- بەکارھێنانی فڵچەی نەرم بۆ ددان شوشتن.
- خواردنەوەی شلەمەنی سارد باشترە بە قەسەب بێت.
- خواردنی شلەمەنی وەک (نیسک،شۆربا، هتد…)
دووربکەوە لەمانە:
- خواردنی زۆر تیژ و سوێر و ترش.
- خواردنی شتی رەق یان زبر وەک (نانی رەق، کێکی وشک، هتد…).
- خواردنەوەی شتی گەرم وەکو (چای،قاوە، هتد…).
- خواردنەوەی شتی ترش وەک (شەربەتی پرتەقاڵ).
- جوینی بنێشت.
- بە کارھێنانی مەعجونی ددان کە ماددەی Sodium Laureth Sulfateی تێدا بێت.
- ئایا پزیشکی دەرمانساز دەتوانێ یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی برینی ناو دەم؟
پزیشکی دەرمانساز دەتوانێت پێشنیاری ھەندێک چارەسەر بکات بۆ زوو لابردنی برینەکە و کەمکردنەوەی ئازار و تووشنەبوونەوەی، وەک ئەم چارەسەرانە:
- دەرمانی غەرغەرەی دژەبەکتریا.
- دەرمانی غەرغەرەی ئازارشکێن (جێڵ یان سپرای).
- دەنکۆڵە حەبی کۆرتیکۆستیرۆید.
- دەتوانیت ئەم دەرمانانە بەبێ راچێتەی پزیشک وەربگریت، بەڵام بەردەوام بەکارھێنانی لەوانەیە مەترسیداربێت بۆیە رێنماییەکان لە پزیشکی دەرمانساز وەربگیرێت باشترە.
- کەی پێویست دەکات سەردانی پزیشک یان پزیشکی ددان بکەین؟
- کاتێک برینەکە بۆ ماوەی 3 ھەفتە درێژەی کێشا.
- سوور بوونی برینەکە و ئازاری زیاتر، لەئەنجامی پیسبوونی برینەکە.
- ھەرچەندە زۆربەی برینەکانی ناو دەم بێ زیانن، بەڵام ئەگەر درێژەی کێشا لەوانەیە نیشانەیەک بێت بۆ شێرپەنجەی دەم بۆیە باشتر وایە پشکنینی پێویست بکرێت.
- پزیشک یاخود پزیشکی ددان دەتوانن دەرمانی بەھێزتر بنووسن بۆ چارەسەری نیشانە توندەکان و برینە پیسبووەکان.
- ئایا دەتوانین خۆمان بپارێزین و تووشی برینی ناو دەم نەبین؟
زۆربەی برینەکانی ناو دەم بەھۆی ھەندێک شتن کە دەتوانین خۆمانی تا رادەیەک لێ بەدوور بگرین وەکو:
- گەستنی ناوەوەی روومەت.
- جوینی خواردنی رەق یان خواردنەوەی گەرم.
- ئەو خواردنانەی دەبنە ھۆی ھەستیاری (حساسیە) بۆمان.
- زیان گەیاندن بە پووک لە کاتی ددان شوشتن.
- ھەستکردن بە ماندووێتی، ترس یان نیگەرانی (ئەم ھۆکارە یەکێکە لە ھۆکارە زۆر باوەکان).
ھەندێک جاریش ناتوانین کۆنترۆڵی ھۆکارەکان بکەین بۆ توشنەبوونی برینی ناو دەم وەک:
- گۆڕانی ھۆڕمۆنەکان; بۆ ئافرەتان لە کاتی دووگیانی.
- جیناتی مرۆڤ (دەگەڕێتەوە بۆ بۆماوە).
- نەخۆشی ماوە درێژ وەکو نەخۆشی ھەوکردنی ریخۆڵەIBD .
- کەمی ماددەی ئاسن و ڤیتامین B12.
- وازھێنان لە جگەرەکێشان: ئەو کەسانەی کە واز لە جگەرەکێشان دەھێنن، لە ماوەی سەرەتاکانی وازهێنان تووشی برینی ناو دەم دەبن.