كۆمەڵەی قوتابیانی دەرمانسازی کوردستان - KPSA

HLH چییە؟

Hemophagocytic Lymphohistiocytosis (HLH) نەخۆشیەکە کە لەش ژمارەیەکی زۆر لە خانە بەرگریەکان دروست دەکات و چاڵاکی خانەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاددەکات. کەسانی تووشبوو نەخۆشیەکەیان لە باوانەوە بۆ دەگوازرێتەوە لە ڕێگەی جینەکانەوە یاخود بەهۆی چاڵاککردنی لە ڕادەبەدەری سیستەمی بەرگری لەش.

ئەم نەخۆشیە بەدیاریکراوی ئەو کاتە ڕوودەدات کە خانە بەرگریەکانی لەش بڕێکی زۆر سایتۆکاین بەرهەمدێنن ـ کە بەشێوەیەکی ئاسایی بۆ لەناو بردنی ڤایرۆس و بەکتریا و هۆکارەکانی تری نەخۆشی بەرهەمدێت ـ کە دەبێتە هۆی ئەوەی هێرش بکەنە سەر خانە ئاساییەکانی لەش.

هۆکارەکان:

(HLH)ی بۆماوەیی دابەشدەبێت بۆ پێنج جۆر کە هەریەکەیان بەهۆی بازدانێکەوە دروست دەبێت لە جینێکی تایبەتدا ـ کە هەریەک لەو جینانە فرمانی گرنگی بەرگرییان هەیە.

جۆری دووەم لەوانەیە تووشبووەکە بەشێکی درێژی ژیانی بەبێ کێشە بەڕێکردبێت بەڵام بەهۆی هۆکارێکی تایبەتیەوە کە بۆتە هۆی چاڵاککردنی لە ڕادەبەدەری سیستەمی بەرگری لەش کە ناتوانرێت چاڵاکیەکە بوەستێنرێت.

نیشانەکان:

نیشانەکان بەزۆری لەماوەیەکی کەمدا دەردەکەون بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا لەوانەیە ماوەیەکی زۆری پێبچێت.

  • تا
  • گەورەبوونی جگەر و سپڵ
  • لیری پێست
  • گەورەبوونی گرێی لیمفەکان
  • کێشەکانی هەناسەدان
  • سووربونەوەی پێست و خوێنبەربوونی نائاسایی
  • کێشەکانی گورچیلە
  • کێشەکانی دڵ
  • زیادبوونی مەترسی شێرپەنجە (لیوکێمیا، لیمفۆما)

دەستنیشانکردن:

کاتێک نیشانە باوەکان لە تووشبووەکە دەرکەوتن ئەوا پشکنینی خوێن دەکرێ بۆ زانینی ڕێژەی خانە بەرگریەکان. وە هەروەها پشکنینی مۆخی ئێسک و دڕکەپەتک دەکرێ بۆ زیاتر دڵنیابوون. پاشان پشکنینی جینەکان دەکرێ تاوەکو بزانرێ نەخۆشیەکە جۆری یەکەمە یاخود دووەم.

چارەسەرکردن:

لە چارەسەرکردندا چەند کۆرسێکی چڕی دەرمانە ناچاڵاککەرەکانی سیستەمی بەرگری و دژە هەوکردن بەکاردێت. بڕی ژەمی زۆر لە دێکسامیثازۆن و چارەسەری کیمیایی ئیتۆپۆساید بەکاردێ. ئەم دەرمانانە کاریگەریەکانی نەخۆشیەکە کەم دەکەنەوە یاخود دەیشارنەوە بەڵام ئەگەری دووبارە تووشبوونەوە هەیە.

تاکە چارەسەر کە ئەگەری چارەسەربوونی یەکجارەکی هەیە بریتیە لە چاندنەوەی مۆخی ئێسک کە دەبێتە هۆی دروستبوونی خانەی بەرگری نوێ کە بەشێوەی ئاسایی کاردەکەن. وە ڕێژەی ئەگەری چاکبوونەوە لە جۆری دووەم زیاترە بەبەراورد لە جۆری یەکەم.

سۆشیاڵ میدیای KPSA